بەخێربێیت بۆ پەڕەی هەلی کار لە سپارک
هاتنت بۆ ئەم پەڕەیە خۆشحاڵمان دەکات، ڕەنگە تۆ ئەندامی داهاتووی تیمەکەمان بیت!
دەربارەی سپارک
مانگی تەمووزی 2020 بڕیارماندا کە کارێک دابمەزرێنین و وەکو سەربەخۆ و کاری دووەم (سیریەس سپارکس)مان دروست کرد. لە سەرەتای دەستکردن بە کارەکەوە پلانی کارمان نووسی و ئامانجەکانمان بۆ داهاتوو خستەڕوو. هەتا مانگی ئەیلولی 2021 کە نووسینگەکەمان بەفەرمی دامەزراند و ناو و نیشانەی بازرگانیمان تۆمارکرد لەژێر ناوی سپارک (Spark) و ئێستا نووسینگەکەمان لە ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی و سەرجەم دام و دەزگا حکوومییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی باج و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش تۆمارکراوە. لەو ماوەیەی تێپەڕیووە بەشێکی زۆری ئامانجەکانمان بەدیهێناوە و لەسەر هەمان پلانی کار بەردەوامین، چیتر نووسینگەی سپارک کاری لاوەکی و دووەم نییە بۆ ئێمە و بەشێکی تیمەکەمان کاری سەرەکییانە.
لە داهاتوودا چی دەکەین؟
ئێستا نووسینگەی سپارک ڕاژەکانی بازاڕدۆزیی دیجیتاڵی پێشکەشی کڕیارانی دەکات. بەڵام ئامانجی سەرەکیی سپارک کارکردنە لەبواری گەشەپێدانی نەرمەواڵەدا. لەئێستادا کار لەسەر چەندین بەرهەم دەکرێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا بەردەست دەبن لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و ئێراقدا. بۆیە تەواوی بەشەکانی سپارک لەداهاتوودا بەتەنها کار لەسەر بەرهەمەکان دەکەن و سپارک لایەنی سێیەم نابێت بۆ بەرهەم و ڕاژەی کۆمپانیاکانی تر.
بۆچی کارکردن لەگەڵ ئێمە؟
ئێمە گرنگیی تەواو بە سەرچاوە مرۆییەکانمان دەدەین. دەمانەوێت پەیوەندیی ئەندامێک لە تیمەکەمان لەگەڵ سپارک تەنها لەچوارچێوەی بەجێگەیاندنی ئەرکەکاندا نەبێت. بەڵکو نووسینگەکە لەگەڵ کارکردندا ببێتە سەرچاوەی فێربوون و تۆمارکردنی یادگاریی جوان و بەسەربردنی کاتێکی خۆش. کارمەند بە درێژایی ساڵی کارکردن کات و تێچووی بۆ تەرخان دەکرێت بۆ وەرگرتنی کۆرس، بڕوانامە و کتێب.
کارمەند لە هەفتەیەکدا 40 کاژێر کاردەکات و پشووی ساڵانەی بریتییە لە 20 ڕۆژ جگە لە پشووە فەرمییەکان، هەفتانە بەشداردەبێت لە چالاکیی گروپی خوێندنەوەی کتێب کەمەبەستی باشترکردنی زمان و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی ئەنجام دەدرێت. هەروەها هەموو کارمەندێک لەلایەن سپارکەوە دڵنیایی تەندروستیی بۆ دەکرێت.
هەموو 3 مانگ جارێک پێداچوونەوەی کارکردن دەکرێت کە دەرفەتە بۆ زیادکردنی مووچە و لەبەرچاوگرتنی هەموو کارەکانی کارمەندەکە.
ئێمە چی لە تۆ چاوەڕێ دەکەین؟
ئێمە دەمانەوێت هەر کارمەندێک بووە بەشێک لە تیمی سپارک، هەوڵبدات بە چوستی کاربکات، سوود لە هەموو دەرفەتێک وەربگرێت بۆ فێربوون و داهێنان لە کارەکەیدا. زیاتر لە جێبەجێکردنی ئەرکەکان لە کارەکەی بڕوانێت و هەمیشە پرسیاربکات چی نوێ ئەنجام بدات تا بەشەکەی و سپارک بەگشتی باشتر کار بکەن؟ دەمانەوێت کارمەند ببێتە سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی خۆشەویستی، ڕێز و زانست لەناو بەش و نووسینگەکەیدا. هەروەها هەوڵبدات ببێتە کەسایەتییەکی زانستخواز و نموونەی باڵا بۆ هاوڕێیەکانی. دەمانەوێت کارمەند سپارک بە بەشێکی گرنگ لە ژیانی بزانێت و هەوڵبدات بەخۆشەویستییەوە بێتە سەر کارەکەی و ئەرک و ڕوئیای نووسینگەکە بەهەند وەربگرێت.